ش | ی | د | س | چ | پ | هـ |
١ 12/21 | ٢ 12/22 | ٣ 12/23 | ٤ 12/24 | ٥ 12/25 | ٦ 12/26 | ٧ 12/27 |
٨ 12/28 | ٩ 12/29 | ١٠ 12/30 | ١١ 12/31 | ١٢ 1/1 | ١٣ 1/2 | ١٤ 1/3 |
١٥ 1/4 | ١٦ 1/5 | ١٧ 1/6 | ١٨ 1/7 | ١٩ 1/8 | ٢٠ 1/9 | ٢١ 1/10 |
٢٢ 1/11 | ٢٣ 1/12 | ٢٤ 1/13 | ٢٥ 1/14 | ٢٦ 1/15 | ٢٧ 1/16 | ٢٨ 1/17 |
٢٩ 1/18 | ٣٠ 1/19 | |||||
دێرینی و ئاوێزانیی فەرهەنگی میللییمان لەگەڵ سروشت، وشەدانێکی ڕەنگین و زەنگینی بەمیرات بۆ جێهێشتووین کە لە ئاستیدا دانەمێنین. ئەم ماڵپەڕە تایبەتە بە وەرزی زستان و دەکرێت بە شێوازی هەمەجۆر سوودیان لێ وەربگیرێت.
یەکەم شەوی زستان بە «شەوی یەڵدا» ناسراوە و درێژترین شەوە لە ساڵدا، واتە زەوی لە دوورترین جەمسەری سووڕانەوەی بەدەوری خۆردا دەبێت و لەو ڕۆژە بەدواوە ئیدی ڕۆژ بەرەو درێژبوونەوە دەچێت و شەویش کورتی. شەوی یەڵدا بۆنەیەکی میللی دێرینی کورد و میللەتە ئێرانییەکانی دیکەیە.
زستان، لە کوردەواریدا، بەم جۆرە دابەش کراوە:
بەگشتی وەرزی زستان نەوەد ڕۆژە، بیستوپێنج ڕۆژی یەکەم «سەرەتای زستان»ـە، ئەوجا چل ڕۆژی ناوەڕاستی بۆ «چلەی زستان» تەرخانە. چلەش دوو بەشە، بیست ڕۆژی یەکەم پێی دەگوترێت «چلەی بچوک» و بیست ڕۆژی کۆتایی چلەش پێی دەگوترێت «چلەی گەورە». ئەوجا بیستوپێنج ڕۆژی کۆتایی دەبێتە «کۆتایی زستان».
سەرەتای زستان ١ تا ٢٥ی بەفرانبارە، هەندێک ساڵ ساڵنامەی کوردی بەرانبەر ساڵنامەی زاینی ڕۆژێک پاش و پێشی تێدەکەوێت،
بەپێی ساڵنامەی کوردی لە 26ی بەفرانبارەوە چلە دەست پێدەکات و چل ڕۆژ دەخایەنێت، لە ڕۆژی 5ی ڕەشەمە کۆتایی دێت.
چلەی گەورە لە ٢٦ی بەفرانبار تا ١٥ی ڕێبەندانە.
چلەی بچووک لە ١٦ی ڕێبەندان تا ٥ی ڕەشەمەیە.
چلەی زستان دەکەوێتە ئەم شەش هەفتەیەوە بەم شێوەیە:
لە هەندێک ناوچە لە کۆتایی چلەی گەورەدا کە دەستپێکی مانگی شوباتە، بە «عەنتەر» دەست پێ دەکات و 9 ڕۆژ دەخایەنێت. پازدە ڕۆژی کۆتایی چلەش ناوی «ئاخسبات»ی پێ دەڵێن، هەندێ زاراوەش بە «قەرەسپات» ناوی دەدەبن.
دەگوترێت:
عەنتەرە قەلەندەرە
سێ گەز و نیو بەفری لەسەرە
یان دەگوترێت،
قەرەسپات بەناو وڵاتیدا هات
کەترە و مەترەی هەڵبژارد
مەبەست لەوەیە کە باران باش نییە لە قەرەسپاتدا چونکە زەوی ڕەق دەکات.
لەم بەشەدا هەندێک وشە بەردەستن کە سەروکاریان لەگەڵ زستاندا هەیە، وا لێرەدا ڕێزیان بەستووە.
با
باپوسکە: بابوسکە، سووتوو، کڕێوەی بەفر بە باوە.
باپووک: کڕێوە و تۆفی بەفر کە با ئەیهێنێ.
کڕێوە: بەفرێک بای لە گەڵدابێ.
بارش: بارین لە هەورەوە، داڕژانی بەفر یا باران یا تەرزە، وارش.
بارین: هاتنەخواری بەفر و باران.
بڕوێشه: پرووشەی بەفر.
بۆران: بای توند و بەتەووژمی زستان کە بارانی دەگەڵ بەفر لەشوێنی خۆی هەڵگرێ و گێژی بدا و بیباته جێگەیەکی دیکه..
بازریشک: باسریشک، باسروش، بارینی بەفر و باران بە باوە کە فرمێسک لە چاوی مرۆڤ دەهێنێت.
لیلان: لێلان، دەنگی باکوت، هاشە و هاڕەی با بە بەفرەوە.
باکووزک: بای زۆر ساردی زستان. سۆزەی سەرما.
دەمە: کزەبای ساردی سەر کێوان لە زستاندا.
بای دارئاوس، بایەکە کە لەگەڵ دەستپێکی کۆتایی زستاندا بۆ ماوەی سێ ڕۆ هەڵدەکات و گۆیاە دارودرەخت دەئاوسێن و ئامادە دەبن بۆ گەشەکردن.
بای وەعدە: هەژدە ڕۆژی مابێت بۆ نەورۆز هەڵ دەکات، بەفر و سەهۆڵبەندان دەتوێنێتەوە.
بای دارپشکووان، بایەکە پاش نەورۆز هەڵدەکات و هاوکاری دارودرخت دەکات بۆ پشکووتن.
جۆری بەفر
بنگرە: بۆ ئەو بەفرە بەکار دێت کە لە شێوەی تەزرەی فشەڵۆک دەبارێ و زەوی سارد دەکات و بەفری لەسەر دەکەوێ.
بەفری یەکشەوه: هەر بەفرێکی شەوێک بەسەر بارینیدا تێپەڕیبێ و هێشتا تۆز و خۆڵی لێ نەنیشتبێ و بۆر و چڵکن نەبووبێ.
کڵۆ بەفر: دانە و دەنکی بەفر.
برووشە: جۆرێکه له جۆرەکانی کلووی بەفر. (جیاوازە لە «پروشە» که جۆرێک بارینی بەفره).
بەفرەژیلکه: جۆرێک بەفره، کلووی ورده، له حاڵەتی نێوان بەفر و تەرزه دایه.
بەفرەلووکە: بەفرەژیلکە، بەفرێکی دەنک وردە لە تەرزە وردترە.
گلێرە: کڵۆ بەفری ورد وەک دەنکی ساوەر.
کولیپانە: کڵۆبەفری پان.
بەھمەن: بەفرێکە کە بەباوە ببارێ.
پووکە: بەفری کەڕەپوو.
کەڕەپوو: بەفرێکی لە توندی سەرمادا وشک و ورد ببارێ.
کەڤی: بەفرێکە کە بەزۆری کەوتبێ بەسەریەکدا.
گەرداڵ: بەفری کەم یان تۆزوخۆڵی نیشتوو.
کرتەک: بەفرێکە کە بەستبێتی و بەھۆی بارانەوە دڕناڵ دڕناڵ بووبێ.
کەلەندین: کۆمەڵە بەفرێکە کە لە بانماڵینەوە کۆبووبێتەوە.
بەفرخۆرکه: پرووشە بەفرێکه له ئاخر و ئۆخری زستانا و پاش ئەوەی تەشقی زەوی دەشکێ، لە هەورێکی ئەستووری چڵکن دەبارێ و پاش ئەوه گەلێ شوێنی پێدەشتان بەفریان لێ دەچێتەوە و دەبنە ڕەشانگ.
کڵاوەکردن: بریتییە لە باران و بەفری دەنک گەورە.
سەلکەچۆلەکە: کۆڵۆ بەفری گەورە کە دەبارێت، دەڵێن سەلکەچۆلەکە دەبارێت.
بەفر و با
باڕن: کڕێوەی بەفر بێ ئەوەی لە هەوران ببارێ، بەڵکوو بایەکی بەهێز لە شوێنێکەوە بەفر هەڵدەگرێ (دەیڕنێ) و بۆ بەرزایی دەبا کاتێ دەگاتە جێگەیەکی وا کە بایەکە تەوژمی کەمە دەبارێتەوە سەر زەوی و چەشنی کڕێوە دێتە بەرچاوان.
کەڕەسیسە: بەفرێکی لە ڕۆژی ساماڵدا بای بەهێز لە شاخانەوە هەڵیدەگرێت و دەکەوێتە نزماییکانەوە.
ساماڵ: ئاسمانی سافی بێ هەور. کاتێک لە زستاندا ئاسمان ساماڵ بێت، کەش زۆر سارد دەبێت.
باکوت: بەفری بە با پەستواو، کڕێوە بە بای توندەوە، میوەی با وەراندوو.
پزی (پزوو): گردەبەفری بچووک بچوک کە بە هۆی بۆرانەوە دروست بووبن.
کلیلە: بەفرێکی زۆرە کە با لە پەنایەکدا پێچی دابێ و کۆی کردبێتەوە.
ڕەنوو: کەویەبەفر، کڵێڵە، بەفری زۆر کە با ڕنیویە و لەسەر یەکی کۆ کردۆتەوە.
شیخاڵ: باریکە بەفری سەهۆڵ بەستووی پەنا ڕەشانگ کە درەنگ دەتوێتەوە.
شەپە: کۆمەڵە بەفری بەسەر یەکدا کراو، ڕنۆ، کڵێڵە، ڕنی، شاپە، شاپ، خشە.
چلوورە: سەھۆڵێکە کە زستانان بەگوێسەبانە و شوێنی بەرزدا شۆڕ دەبێتەوە.
زوقم: شتێکی سپییە وەک بەفر لە شەوی ساماڵی زستاندا پەیدا دەبێ.
بەفر و باران
بەرفەشۆ: شڵێوە، بارینی بەفر و باران پێکەوە. دوودانگ.
شلۆڤە: باران و بەفرێکە کە بەیەکەوە ببارێ.
چلەشۆر: بەو بارانە دەگوترێ کە لە کۆتایی چلەدا دەبارێت و بەفر دەتوێنێتەوە.
شوێن
بەفرەچاڵ: چاڵەبەفر، نواڵەی نزار کە بەفری تا ماوەیەکی زۆر لێ ناتوێتەوە، ئەو قوڵکەی لە چیا بەفری تێدەکەن و دای دەپۆشن.
کونەبەفر: چاڵە بەفر. وەک کونە بەفرەکانی ئاسۆس و حەسارۆست و بەرواری.
بەفربەسەر: ڕێگەوبان و دەشتودەر که بەفر دایپۆشین و لەبەر سەرمای زۆر بەستبێتی و کاتێ مرۆڤ بەسەریدا بڕوا قاچی دانەچێ.
بەفرەسەر: پێ لەسەر، ڕچه. بەفری سەهۆل بەستوو که پێی تێناچەقێت.
ڕچە: بەفرەسەر، باریکەڕێیەکە کە کرابێتەوە لەناو بەفردا، بەفری سەهۆڵ بەستوو.
ڕچە شکاندن: ڕێگەشکاندن لەناو بەفردا. کوتەک شکاندن.
کوتەک: ڕێگەی نێو بەفر. دەگوترێ کوتەک شکاندن واتە کردنەوەی ڕێ لە نێو بەفردا.
ڕەشانگ: ڕەشانگە، ڕەشایی، ئەو پەڵە خاکەیە کە لەناو بەفردا دیارە و بەفرەکەی تواوەتەوە.
بەفری پیرێژن: بەفرێکه له کاتی سەرمای پیرێژنێدا «دواهەفتەی مانگی ڕەشەمه» دەبارێ.
تەوخ: ژێرزەمینێکی گەورەیە زستانان لە کوێستان ئاژەڵی تێ دەکرێ.
دانگە: جێگەی گیا بۆ خستنی ئاژەڵ لە زستاندا.
زستانەوار: زستانە هەوار، جێ ژیانی کۆچەر لە زستاندا، گەرمەسێر، میلکان، ئاران.
ئاران: بنکەی ژیانی زستانەی کۆچەران لە گەرمەسێر، پێشینان گوتوویانە،
هەموو چوونە هەواران
ئێمە ماوین لە ئاران
گەرمک : گەرمەهانە، گەرمەخانی، گەرمەکانی (کانیەک کە بە زستاندا گەرمە).
گەلەخان: ژوورێکی تایبەتییە بۆ ئاژەڵی وردە لە زستاندا.
هۆریتە: هەر ماڵێک هۆریتەی خۆی هەیە، کە دەکاتە شوێنی بەفری فڕێدراوی سەربان.
کات
یەڵدا: یەکەم شەوی زستانە.
باترزا: جەژنێکی یەزیدیانە لە زستاندا.
بازەبەران: دواهەفتەی زستان کە هەتاو هەموو ڕۆژێ جێگەی ئاوابوونی دەگۆڕێ.
تربێ: شەوی ناوەڕاستی زستان، شەوی چلوپێنجەمی زستان.
پەلاپووش: سەرەتا و دەسپێکی بەفربارین.
خاکەلێوە: کۆتایی زستان و سەرەتای بەھار کە لەوەڕ تازە سەر دەردێنێ و ئاژەڵ لە دەم بۆ بردنیدا لێوی بەر خاک دەکەوێت.
خەفتیان: چلەی زستانە کە تۆوی تێدا ناڕوێ.
تەوشک: سەختی، ساردی، دژواری زستان.
ئاخسبات: پازدە ڕۆژی ئاخری چلەی زستان.
ئاخنەبا: دوا ڕۆژەکانی زستان، دەمێ کە حەوت ڕۆژ لە چلەی بچووک مابێت.
ئێلدە: دەگەڵ بێڵدە دەگوترێ، پازدە ڕۆژی هەرە سەرمای زستان.
چلەورچ: له ڕۆژی بیست و پێنجی بەفرانبارەوه ورچ دەخزێته کون و بیست و پێنج ڕۆژ پێش سەرەتای خاکەلێوه له کون دێته دەر، بەم چل ڕۆژ مانەوەی له کوندا دەڵێن: «چلەورچ» که تووشی زستان لەم چل ڕۆژەدایه.
ئاو
بەفراو: تواوەی بەفر.
چیاو: ئاوی ساردی تواوەی بەفر کە لە چیاوە دێتە خوار، ئاوی چیا.
لێلاڤ: بەفری توواوە.
شەتاو: ئاوی زۆر کە لە بەفری تواوە سەرچاوە هەڵدەگرێ.
ڕووداو
ھەرەسهێنان: داخزان و ڕووخانی بەفری لاپاڵ.
کارکەو: ڕاوەکەوی بە کۆمەڵ لە بەفردا.
کردار
جەبەرەنواندن: خۆھەڵکێشانی چۆلەکە لە ئاو لە زستاندا کە نیشانەی سەرما و کڕێوەیە.
زستانەزێ: بەرخێ کە لە زستاندا لە دایک بووبێ.
قوڵاخە: کۆبوونەوەی ماسی بە دەوری یەکەوە لە زستاندا، خزگەی ماسی.
کەرەستە
چواربەن: کورسی: مێزێکی تایبەت بوو که زستانان ئاگریان دەخسته ژێری و به دەوریدا دەنووستن.
ئێروو: بژیو، تفاق، پێداویستی ماڵ. دەڵێن، پیاو بە ئێروو بێ، زستانیش خۆشە.
ئازاڵە: سۆختی زستان.
ئەنجینە: قەڵاشکەری، داری شکاو بۆ ئاگری زستان، ئێزنگ، ئیزینگ.
بەفرەلۆ: بەفرماڵ، وەروەرە، شاپاڵۆخ یان شەپاڵۆخ.
چارچۆڤ: ئامرازی بەفرماڵین. ڕەنگە لە «(چهار چوب»ـەوە هاتبێ.
خاک
پرکه: تووه. ئەو خاکوخۆڵەی که دەبپژێنن به سەر بەفردا هەتا بتوێتەوه.
خواردن
بەلەچەک: تاسمه، کوولەکەی شیرنه. هاوینان لەبەر هەتاو وشکی دەکەنەوه و هەڵیدەگرن بۆ زستان، خواردنێکی کوردەوارییه له «بەلەچەک» و نیسک و کشمیش دروست دەکرێ.
تار: دووڕۆژی ئاخری زستان و سێ ڕۆژی سەرەتای بەهار.
حەریر: حەلوایەکە لە دۆشاو و ئارد دروست دەکرێ بەپارچەکراوی وشک دەکرێتەوە و ھەڵدەگیرێ بۆ زستان.
ڕنگاو: سرکەیەکە کە ھێشووە ترێی ڕەشی تێ خرابێ بۆ خواردنی لە زستاندا.
شەوچەرە: خواردەمەنییەکە لە شەوگاری زستاندا دوای نانخواردن دەخورێ لە میوەی وشک و تەڕ.
تەڕەماست: سەرتوێی ماست و شیرە کە لە پایزاندا چین چین لە دیزە یا لە پێستەدا دادەنرێ و پیووی بەسەردا دەکەن و لە زستاندا دەخورێ.
ماستەڕۆن: تەڕەماست. چینێک ماست و چینێک ڕۆنە، لە پایزاندا لەناو دیزەدا ھەڵدەگیرێ و لە زستاندا دەخورێ.
ئاردەتوو : تووی وشکی کڕەکراو. لە هەورامان توو ئیشک دەکەنەوە و کڕەی دەکەن «تا زۆر ورد نەبێ» وەکوو مێوژ و میوەی وشککراوەی دیکە هەڵدەگیرێ بۆ خواردنی زستان یا بۆ فرۆشتن، یەکێکە لە بەروبوومەکانی هەورامان.
ئاونگ: مێلاق، ئەو ترێیەی کە بە هۆی پەتەوە یا بە هۆی لقی دارەوە بەیەکەوەی دەبەستن و بە بنمیچی ماڵدا هەڵیداوەسن بۆ زستان. [ئەو بەردە قووڵەی شتی تێدا دەکوتن (دەسکەوان، دەسک و ئاونگ)].
بەفر و دۆشاو: بەفری دانارداناری ئاخروئۆخری زستان و سەرەبەهاره که له هێندی نواڵ و قەدپاڵان دەمێنێتەوه دەگەڵ دۆشاوی ترێ تێکەڵی دەکەن و بە چەشنی شەربەت دەیخۆنەوه.
بەفر و شیر: هەندێ جار شوانەکان لە کویستان بەفر لەگەڵ شیر تێکەڵ دەکەن و دەیخۆنەوە.
لەوەڕ
تایە: گزرە گیایەکە کەڵەک کرابێ بۆ زستانی ئاژەڵ.
گزرە: گیای ورد کراو بۆ لەوەڕی ئاژەڵ، داری پارچە پارچە کراو بۆ سووتانی زستانە، پووش و پار.
گیشە: کۆمەڵێ باقەی لەسەر یەک داندراوی گیا و خەلە لە دەشت، کۆمای گەورە و زل لە باقەگیا بۆ ئاڵفی زستانەی ئاژەڵ.
نەخۆشیی
ئاوبڕ: دەردێکە لە زۆر ئاوی سارد خواردنەوەوە لە زستاندا دووچاری ئاژەڵ دەبێت و کوتوپڕ دەیکوژێ.
تێبینی
لە کوردستان پاشماوەی چەندین «ڕوانگە» ماوە کە فەلەکناسەکانی ئەوسامان ورد کاریان لەسەر کردووە و زۆر بە ئاسانی ئاگاداری گۆڕانکاری وەرزەکان بوون. مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف تۆژینەوەی تایبەتی لەسەر ئەم ڕوانگانە هەن، کە سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ ئەم باسەی ئێمە.
سەرچاوە:
سایتی وشەدان: www.bradost.net/ferheng
سایتی مامۆستا: www.mamosta.net
سایتی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف: www.abdulraqib.net
ساڵنامەی کوردی 2023-2024 لەم بەستەرەدا